وتار
یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هه‌میشه‌ ئومێدێك بۆ چاره‌سه‌ر
نەوزادی موهەندیس

• كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ 11/2/2017دا له‌ له‌ماڵی‌ به‌ڕێز مام جه‌لال،  كۆمه‌ل گه‌لێك مانا و ئاماژه‌ی‌ گرنگی‌ دا به‌ یار و نه‌یاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و كوردایه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ش، له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌ندام و لایه‌نگران و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتیش هه‌میشه‌ دڵسۆز و به‌وه‌فای‌ ڕێبازه‌ی‌ مام جه‌لالن و هه‌ر ئه‌ویش به‌ سایه‌ و سێبه‌ر و ڕێپیشانده‌ری‌ خۆیان ده‌زانن و هه‌ر ئه‌ویشه‌ كه‌ بۆته‌ ((صمام الامان))ی‌ ناو یه‌كێتی‌ و كوردایه‌تی‌ و كوردستانیش.
• بۆیه‌ دوای‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌رچه‌نده‌ گه‌لێك دواكه‌تووش بوو، به‌لاَم چرۆی‌ ئومێده‌كان زیندوو بونه‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری‌ پان و پۆڕی‌ كوردستانیش جگه‌ له‌ یه‌كێتیه‌كانیش هه‌ستێكی‌ ئارامی‌ ده‌روونیان لا دروست بوو، چونكه‌ هه‌موان باش ده‌زانن هه‌ر كاتێك یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان یه‌ك و یه‌كگرتوو و ساغڵه‌م بوو ئه‌وا به‌دڵنیایی‌ هیوا و ئومێده‌كان به‌ چاره‌سه‌ریه‌كان ده‌بوژێنه‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ به‌شێك بوه‌ له‌ چاره‌سه‌ر نه‌ك پیلانگێڕان دژی‌ هیچ لایه‌ك، یه‌كێتی‌ هه‌موو كات دروشم و خه‌باتی‌ خۆی‌ سه‌ر ڕاستانه‌ و بوێرانه‌ و بێسڵكردنه‌وه‌ و دوور له‌شه‌رم و دڵڕازیكردن جێبه‌جێكردوه‌ ئه‌گه‌رچیش زۆر جاران باجی‌ گه‌وره‌شی‌ داوه‌ و خۆشی‌ توشی‌ شكست و به‌لاڕێدابردن بردوه‌ و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیشی‌ له‌سه‌ر دروست بوه‌.
• یه‌كێتی‌ و خه‌بات و كار و كرده‌وه‌كانی‌ زۆر ئاشكرابوه‌ و نه‌خۆشیه‌كانیشی‌ و  ململانێ ناوخۆییه‌كانیشی‌ لای‌ هه‌موان ئاشكرابوه‌ و توانیویشێتی‌ هه‌موو قۆناغه‌ سه‌خه‌ته‌كانیش به‌ڕێبكات و به‌رگه‌ی‌ هه‌موو ناوناتۆره‌ و ڕه‌خنه‌ و دوژمنایه‌تی‌ وپیلانگێڕیه‌كان و په‌نجه‌ شكاندنه‌كانیش بگرێت له‌ دۆست و براو هه‌ڤاڵه‌كانی‌ خۆی‌ پێش نه‌یاره‌كانیشی‌.
• به‌لاَم هه‌موو كات یه‌كێتی‌ و خه‌باته‌ ڕاستوڕه‌وانه‌كه‌ی‌ چیان ویستوه‌ هه‌رئه‌وه‌یان جێبه‌جێكردوه‌، بۆیه‌ هه‌ركات هه‌موان هه‌ستیان به‌ په‌رێشانی‌ و لاوازی‌ یه‌كێتی‌ كردبێت ئه‌وا هه‌ستیشیان به‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ ناوخۆ و ده‌وروبه‌ریش زیادی‌ كردوه‌،چونكه‌ دڵنیان له‌وه‌ی‌ كه‌ بێ‌ یه‌كێتی‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ریه‌كان له‌ناوخۆدا سه‌رناگرێت و  دوور له‌ یه‌كێتیش ناتوانرێت شكۆ و ده‌سكه‌وت و خه‌باتی‌ كوردایه‌تیش بپارێزرێت، هه‌روه‌ها  باشیش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن كه‌ به‌بێ‌ بوونی‌ یه‌كێتی‌ یان بچوكبونه‌وه‌ و ناكارایی‌ یه‌كێتی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ كوردستان و عێراقیشدا ئه‌وا پڕۆسه‌ی‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی‌ و كاری‌ پێكه‌وه‌یی‌ و ئاشتی‌ و خۆشگوزه‌رانیش مه‌حاڵ ده‌بێت.بۆیه‌ پاراستنی‌ یه‌كێتی‌ ناو یه‌كێتی‌ له‌ پێش یه‌كێتیدا به‌سوودو قازانج بۆ هه‌موان ده‌شكێته‌وه‌ و هه‌ركات یه‌كێتی‌ به‌هێز وتۆكمه‌ و یه‌كگرتوو بێت هه‌مووان هه‌ست به‌ ئارامی‌ و ئومێد و ڕۆشنایی‌ دواڕۆژیش ده‌كه‌ن.
• شاراوه‌ نیه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ له‌ماوه‌ی‌ 4 ساڵی‌ ڕابووردوودا و دوا غیابی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كارا و ئاكتیڤ، ڕووبه‌ڕووی‌  ململانێیه‌كی‌ ناوخۆیی‌ ناڕه‌وا و  ڕه‌خنه‌ی‌ توندی‌ یار و نه‌یاره‌كانیشی‌ ببوه‌و له‌كاتی‌ ته‌نگانه‌ و ناخۆشیه‌كاندا هه‌موان چاویان ده‌بڕیه‌ هه‌ڵوێست و بڕیار و گوتاری‌ یه‌كێتی‌ و گه‌ر بیانزانیایه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌هێزه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌ هه‌موان كه‌یف خۆش و ئاسوده‌ ویژدان ده‌بوون، به‌لاَم زۆرجارانیش یه‌كێتی‌ له‌ئاستی‌ ئه‌و تێڕوانین و بینین و خۆزیایانه‌ی‌ یار و نه‌یاره‌كان نه‌بوه‌ چونكه‌ خۆی‌ گیرۆده‌ی‌ ده‌رد و دیارده‌یه‌كی‌ ململانێی‌ ناوخۆی‌ ناڕه‌وا ببوه‌وه‌ كه‌ نه‌یده‌په‌رژایه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ خۆی‌ وكوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش، زۆر جاران له‌به‌ر دڵڕازیكردنی‌ جه‌ماوه‌ر و بنكه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ی‌ خۆی‌ و هه‌ندێك جارانیش له‌به‌رنه‌بوونی‌ یه‌ك ناوه‌ندی‌ به‌هێز و مه‌ركه‌زی‌ بڕیار و هه‌ندێك جارانی‌ تریش له‌به‌ر ترس و نه‌بونی‌ بوێری‌ سیاسی‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك سه‌ركرده‌ و پارتی‌ سیاسی‌ تردا،هه‌ڵوێسته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ئاست مێژوو و پێگه‌ی‌ به‌هێزی‌ خۆیدا نه‌بوه‌.
• هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا  هه‌ڤالاَنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌  یه‌كێتی‌ تێكڕا گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ و گرفت و ململانێ‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ،ناتوانن هیچ هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ بنێن و دڵنیاشن له‌وه‌ی‌ كه‌ ناكرێت تاسه‌ر یه‌كێتی‌ به‌م قۆناغه‌ پڕ مه‌ترسیه‌دا تێپه‌ڕ بكات و بشمێنێته‌وه‌،چونكه‌ له‌ پێش هه‌مواندا زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ر خۆی‌ ده‌كه‌وێت ئه‌وساش بۆ هه‌موو پارت و سه‌ركرده‌ و جه‌ماوه‌ر و مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ كوردایه‌تیش شۆڕده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ درێژه‌دان به‌ كۆبوه‌نه‌وه‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و دواتریش بینینی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵ و هیمه‌ته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ هه‌موان توشی‌ شاگه‌شكه‌ كردوه‌ و هه‌موان په‌رۆشن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و ئارام و ئاسایی‌ بونه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ ناو یه‌كێتی‌ چونكه‌ هه‌موان چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغه‌كه‌ له‌ چاو و له‌سه‌ر ده‌ستی‌ یه‌كێتیدا ده‌بیننه‌وه‌.
• بۆ به‌رده‌وامبوونی‌ ئه‌م پڕۆسه‌ی‌ ئاشتبونه‌وه‌یه‌ ناوخۆییه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و به‌رده‌وام بوونی‌ و هه‌نگاو ته‌كانی‌ زیاتریش بۆ پێشه‌وه‌ هه‌ڵنان پێویسته‌ یه‌كێتی‌ ، ئه‌م جاره‌ به‌ جورئه‌ت و بوێری‌ زیاتره‌وه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی‌ خۆیدا بڕیار بدات كه‌ هه‌موو كێشه‌كان به‌ گفتوگۆو ڕاوێژ چاره‌سه‌ر بكات و دواتر دیسپلینی‌ حیزبایه‌تی‌ ببوژێنێته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كان كارا بكاته‌وه‌ و كار به‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی‌ ناوخۆیی‌ بكات  و پلان و به‌رنامه‌ی‌ داهاتوو دابڕێژێت و مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌كان و هێزی‌ پیشمه‌رگه‌ هه‌ریه‌كه‌ كاری‌ خۆی‌ بكات و دوای‌ ئاسایبونه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌و هێوربونه‌وه‌ی‌ ده‌روون و په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ نێوان هه‌ڤالاَنی‌ سه‌ركردایه‌تیدا كاری‌ جدی‌ بكات بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ گشتی‌  چواره‌م.
• له‌سه‌ر ئاستی‌ حكومه‌تیش پێویسته‌ یه‌كێتی‌ مافه‌كانی‌ خۆی‌ چ حیزبی‌ بێت چ له‌ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدادا بێت داوابكات و وه‌ربگرێته‌وه‌ و ئه‌ندام و كادره‌ به‌توانا و خاوه‌ن لێهاتوه‌كانی‌ كاندید بكات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆست و پلانه‌ و هیچ ڕێگه‌ش نه‌دات و سازشیش له‌سه‌ر هیچ كادرێكی‌ خۆی‌ نه‌كات له‌به‌رامبه‌ر هیچ حیزب و سه‌ركرده‌یه‌كدا. هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵ و هیمه‌تی‌ خۆشی‌ بۆ باشتركردن و ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ گوزه‌ران و ژیانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ میله‌ته‌كه‌مان بێت و هه‌ڵگری‌ دروشمه‌كانی‌ چاكسازی‌ و گۆڕانكاری‌ و دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بێت و داواكاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ میله‌ت بێت و داوای‌ ئاشكراكردنی‌ داهات و خه‌رجی‌ حكومه‌ت بێت و هه‌وڵی‌ جدیش بدات دام و ده‌زگا شه‌رعی‌ و جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت و دادوه‌ری‌ ئاكتیڤ بكاته‌وه‌ .
• له‌سه‌ر ئاستی‌ حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانیش پێویسته‌ یه‌كێتی‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ و ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كان بدات له‌نێوان پارت و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانیشدا وئیلتیزاماتی‌ خۆشی‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی‌ كه‌ كردویه‌تی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا جێبه‌جێبكات . و بتوانێت له‌لایه‌ك متمانه‌ی‌ نه‌ماوی‌ نێوانیان دروستبكاته‌وه‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كۆده‌نگیه‌كی‌ نیشتیمانی‌ و جه‌ماوه‌ریش له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان و جێگای‌ بایه‌خی‌ هه‌موان دروست بكاته‌وه‌  تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد و ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و براكانیشمان له‌به‌شه‌كانی‌ تری‌ كوردستاندا.
• له‌كۆتایدا هه‌میشه‌ حیزبی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ پێشڕه‌و و خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌ری‌ سیاسی‌ و جه‌ماوه‌ری‌ میله‌ت و بنكه‌ی‌ ڕێكخراوه‌یی‌ خۆی‌ بوه‌, به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ و زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستاندا له‌به‌ر ترس و دڵڕازیكردن زۆرجاران  بوێری‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ كاڵبۆته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ر و بنكه‌ی‌ ڕێكخراوه‌یی‌ حیزب یان پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ تر كه‌مه‌ركێشی‌ بڕیاره‌ سیاسیه‌كانیان كردوه‌ ، هه‌ربۆیه‌ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ له‌ناوحیزبه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌تیش له‌ناو یه‌كێتیدا ئومێده‌كان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌ و دۆخی‌ قه‌تیسی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و بازرگانی‌ و بازاڕ و..هتد. ده‌بزوێننه‌وه‌ و ده‌یانبوژێننه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌م قۆناغه‌ پڕ مه‌ترسیه‌ی‌ كه‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌شی‌ پیادا گوزه‌ر ده‌كات ، كه‌ گه‌ر كورد نێوماڵی‌ خۆی‌ ڕێكنه‌خاته‌وه‌ و پته‌و ویه‌ك و یه‌كگرتووی‌ نه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانین وه‌لاَمی‌ هه‌موو ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕوومان بونه‌ته‌وه‌.
‌‌ زیاتر ...
شوان كه‌ریم
سه ربه ست هه مه وه ندى
هه‌ژار نامیق
عه‌تا كه‌ریم‌
تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ